بە پێی هەواڵی مێهر، سەید ئیبراهیم رەیسی لە یەکەمین وتووێژی تەلەفزیونی خۆی کە لە کەناڵی یەکی دەنگ و ڕەنگی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە، وتی: بە پێویستی دەزانم ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوونی ناوەندە دەرمانییەکان و کادیری دەرمان بگرم.
ئەو وتیشی: لە سەرەتای کاری دەوڵەتەوە تا ئێستا نەخۆشی کۆرۆنا لە سەرووی بەرنامەکانی دەوڵەت بووە و هەوڵمان داوە ڕێگایەک بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە بدۆزینەوە.
سەرۆک کۆمار ڕوونی کردەوە: سەرەتا باسی بەرهەم هێنانی ڤاکسینی ناوخۆییمان کرد و کاری ورد و باش لە لایەن زانا ئێرانییەکانەوە کراوە و بەرنامەی دەوڵەت پشتیوانی لە هەوڵی ئەو کەسانە بوو بەڵام دواتر بەم ئاکامە گەیشتین ڤاکسینی ناوخۆیی بەش ناکات و پێویستمان بە 100 ملیۆن ڤاکسین هەیە.
ناوبراو داکۆکی کرد: سەبارەت بەم بابەتە لە گەڵ بەرپرسان و سەرۆکانی وڵاتانی دیکە باس و وتووێژمان کردووە.
سەرۆک کۆمار لە وڵامی ئەو پرسیارە کە تا مانگی ڕێبەندان ئێرانییەکان ژەمی دووهەمی ڤاکسین وەردەگرن یان نە، وتی: ڕەنگە زووتر لەو کاتەش ئەنجام بێت و بەو خێراییەی کە دەڕواتە پێشەوە، پێمان وایە بەم زوانە ئەم کارە ئەنجام بدرێت.
ناوبراو داکۆکی کرد: پێویستە کێشەی داخرانی کار و پیشەکان بەم زوانە چارەسەر بکرێت، ناوەندە زانستی و فێرکارییەکانیش دەبێ بکرێنەوە و ئەمەش پێویستی بە کوتانی ڤاکسین بۆ هەمووانە.
رەییسی ڕایگەیاند: ڤاکسینی بیانی دەبێ بەم زوانە بێتە ناو وڵاتەوە و بەرهەم هێنانی ڤاکسینی ناوخۆییش درێژەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی خەڵک لە دۆخەکە دڵنیا ببنەوە.
ناوبراو وتی: تا کۆتایی خەرمانان 40 ملیۆن ژەم ڤاکسینی کۆرۆنا دابین دەکرێت و گومانێکمان لەم بابەتەدا نییە. پاش ئەوەش بەڵێنەکانی دیکە لەم بارەوە جێبەجێ دەکرێن.
سەرۆک کۆمار هەروەها داکۆکی کردە سەر پێشکەش کردنی مووچەی کادیری دەرمان و پزیشکەکان و وتیشی: ئەمە لە یەکەمەکانی دەوڵەتە. کاتێ دەڵێین کێشەی کۆرۆنا دەبێ چارەسەر بکرێت مەبەستمان هەموو لایەنەکانیەتی.
Your Comment